سەرباری ئەو گوشارانەی لەسەرییەتی، کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی مەودا ناوەندی تاقیکردەوە، بەرپرسانی کۆریای باشووریش دەڵێن، تاقیکردنەوەکە شکستیهێناوە.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: حکومەتی پیونگ یانگ رایگەیاند، رۆژی شەممە 29-4-2017 مووشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی تاقیکردووەتەوە ، بەگوتەی بەرپرسانی کۆریای باکوور، تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکە پەیامێکی روونی بەرگری نیشتمانییە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی.
بەپێی زانیارییەکان، مووشەکەکە کاژێر 5:30 سەرلەبەیانی شەممە 29-4-2017 بەکاتی پیونگ یانگ ، تاقیکراوەتەوە و بە ئاراستەی باکووری وڵات، 50 کیلۆمەتری بڕیوە.
تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بە تووندی دژی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوورە و دەیەوێت بەهەر رێگەیەک بێت، سنوورێک بۆ توانا ئەتۆمییەکەی پیونگ یانگ دابنێت.
دوای تاقیکردنەوەی مووشەکەکەش، بەرپرسانی ئەمریکا و کۆریای باشوور رایانگەیاند، تاقیکردنەوەی مووشەکییەکەی کۆریای باکوور شکستیهیناوە.